راپۆرت

بایدن چەندین فەرمانی نوێی سەرۆکایەتی دەکرد


جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا سەعاتێک دوای دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی، لە تویتەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کاتیان نییە بە فیڕۆی بدەن و دەستیکرد بە ھەڵوەشاندنەوەی دەیان فەرمانی سەرۆکایەتی کە لەسەردەمی ترامپدا دەرکراون.

بایدن یەکەم رۆژی لە پۆستەکەیدا رۆژێکی پڕ کار بوو، وەک پلانی بۆ دانابوو، نزیکەی ١٠ بڕیاری ھەڵوەشاندەوە و چەند فەرمانێکیشی دەرکرد کە ھەندێکیان پەیوەستن بە  بڕیار و جموجۆڵەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، بایدن لە یەکەم وتاریشیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەستپێکی کارەکانی دەبێت و ھەموو توانایەکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ رزگارکردنی ئەمریکا لەو پەتایە و دووبارە بوژاندنەوەی ئابووری و کەمکردنەوەی بێکاری، کە ئێستا بە کێشەی سەرەکی وڵاتەکەی دادەنرێن.

وەک چاوەڕوانیش دەکرا بایدن لە یەکەم کاریدا نامەیەکی ئاراستەی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد و داوایکرد ئەو نامەیەی ترامپ ئاراستەی کردبوون بۆ کشانەوە لە رێکخراوی تەندروستی جیھانی، رەتبکاتەوە، چونکە ئەمریکا لەو رێکخراوە دەمێنێتەوە، لەبەرامبەریشدا ئەنتۆنیۆ گۆتێریس خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو بڕیارە، بایدن ھەر بەوەشەوە نەوەستا، گەڕانەوەی وڵاتەکەشی بۆ رێککەوتنامەی پاریس تایبەت بە کەشوھەوا راگەیاند و قەدەغەی گەشتی سەر وڵاتانی ئیسلامیی بۆ وڵاتەکەی ھەڵوەشاندەوە و قەرزی سەر خوێندکارانی لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لابرد و پابەندکردنی ھەموان بە بەستنی دەمامک لە سەرجەم دەزگا فیدراڵییەکان، وەستاندنی بنیادنانی دیواری نێوان مەکسیک و ئەمریکا و گەڕانەوەی ئەو منداڵانەی بەھۆی ئەو بڕیارەوە لە خێزانەکانیان دوورکەتبونەوە یەکێکی تر بوو لەو بڕیارانەی.

بایدن وەک چۆن لەکاتی کەمپینی بانگەشەی ھەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی رێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشان و دووبارە بونیادنانەوەیان بەشێوەیەکی باشتر، وەک پابەندبونێکیش بە بەڵێنەکان چەندین فەرمانی سەرۆکایەتی دەرکرد.

چاوەڕوانیش دەکرێت بایدن لە ١٠٠ رۆژی یەکەمی ئیدارەکەیدا پلانێکی گشتگیر سەبارەت بە دیاردەی کۆچ رەوانەی کۆنگرێس بکات،  کە بەپێی پلانەکە نەخشە رێگەیەک دەخرێتەڕوو بۆ بەخشینی رەگەزنامە بە ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی کە ئێستا لە ئەمریکا دەژین، وەک پلانێکی تریش بایدن چەندین فریاگوزاری بە بەھای ٩.١ ترلیۆن دۆلار رادەگەیەنێت، کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادایە راستەوخۆ دەدرێتە خێزانەکانی ئەمریکا.



مانگ پێشتر - Jan 21 2021 3:08PM
Print Friendly and PDF
زیاتر