نەتەوەیەكگرتووەكان: تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی بەساڵاچوان دەگاتە ١.٦ ملیار كەس

2023-01-14   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
(لە جیھانێکی پیردا کەس بەجێ مەھێڵە) ئەمە ناونیشانی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣ی ئیدارەی نەتەوەیەکگرتوەکانە بۆ کاروباری ئابوری کۆمەڵایەتی و ھانی وڵاتان دەدات لە ئیستاوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچوان، پێشبینیش دەکات ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان دەگاتە ٦٥ ساڵ و بەرەو سەرەوە لە تەواوی جیھاندا، لە ٧٦١ ملیۆن کەس لە ٢٠٢١ بەرزببێتەوە بۆ ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٥٠.

ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە لە پێویستی دانانی مافەکان و خۆشگوزەرانی بە ساڵاچوان وەک کاری لەپێشینەی ھەوڵە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەدیھێنانی داھاتوویەکی بەردەوام، لەکاتێکدا جیھان بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە فرە رەھەندەکان، لەوانەش بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی ژیان.

بە پێی راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، پێشبینی دەکرێت ھەر منداڵێک کەلە ساڵی ٢٠٢١ لەدایکبووە بە تێکڕا ٢٥ ساڵ زیاتر بژی لەو منداڵەی لە ساڵی ١٩٥٠ لە دایکبووە، پێشبینیش دەکرێت ژنان ٥ ساڵ زیاتر لە پیاوان بژین.

لەسەر ئاستی کیشوەرەکان، راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشبینی کردووە  لە ناوچەکانی باکوری ئەفریقا و رۆژئاوای ئاسیا و ئەفریقا و بیابانی باشور، خێراترین ھەڵکشانی  ژمارەی کەسانی بە ساڵاچوویان بە درێژایی سێ دەیەی داھاتوو تێدا رووبدات. لەکاتێکدا ھەردوو کیشوەری  ئەوروپا و ئەمریکای باکور لەم کاتەدا دوو کۆمەڵگەن زۆرترین رێژەی بە ساڵاچوویان ھەیە.

ڕاپۆرتەکە ھۆکاری ھەڵکشانی تەمەنی گەڕاندووەتەوە بۆ باشبوونی چارەسەرە تەندروستییەکان و خوێندەواری و رێکخستنی سیستمی وەچەخستنەوە.

لی جونھوا بریکاری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری ئابوری و کۆمەڵایەتی رایگەیاند، دەکرێت بە کارکردنی پێکەوەیی رووبەرووی نادادپەروەرییەکانی ئێستا ببنەوە لە پێناو نەوەکانی داھاتوو، ئیدارەدانی ئاڵنگارییەکان و سودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی پیربوونی دانیشتوان دەستەبەری دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا راپۆرتەکە ھۆشداری داوە لە سیستمەکانی بێبەشکردن کە بەدرێژایی تەمەنی مرۆڤ یەکتر بەھێز دەکەن و ئەگەر ھەنگاو نەنرێت بۆ رێگریکردنیان دەبنە مایەی  فراوانبوونی نایەکسانی لە نێوان کەسانی بەساڵاچوو، کە ئەوەش لێکەوتەی بێ ھیواکەری دەبێت بۆ ھەوڵەکانی پێشکەوتن بەرەو بەدیھێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.

ڕونیشیکردووەتەوە، فراوانکردنی دەرفەتەکانی کاری گونجاو بۆ ژنان و توێژە پەراوێزخراوەکان لە بازاری کار، رەگەزێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ گەرەنتی ئابوری بەردەوام و گشتگیر لە جیھانێکی بە ساڵاچوودا.