میسڕ و قەتەر ڕێككەوتن لەسەر ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان
حكومەتی میسڕ، ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ حكومەتی قەتەر، ڕاگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی میسڕ، لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەردوو حكومەتی قاهیرە و دەوحە دوو یادشتنامەی گرنگیان بۆ ڕێككەوتن لەسەر ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوانیان ئاڵوگۆڕ كردووە. ڕوونیشیكردەوە، ڕۆژانی داهاتوو گفتوگۆكانی نێوان لێپرسراوانی میسڕ و قەتەر، بەردەوام دەبێت.
دوو شەممەی ڕابردوو، یەكەمین گەشتی ئاسمانی لە نێوان كۆمپانیای فڕۆكەوانی میسڕ و قەتەر بەڕێوەچوو، پاش ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ و ٦ مانگ، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەردوو وڵات، ڕاگیرابوون.
سعودیە و ئیماڕات و بەحرەین و میسڕ لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧، پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ قەتەر هەڵپەسارد و حكومەتی دەوحەیان بە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەكە و هاوكاریكردنی گروپە تیرۆریستییەكان، تۆمەتبار كردبوو. هەفتەی ڕابردووش، سعودیە و بەحرەین و ئیماڕات بڕیاریاندا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەر، ئاسایی بكەنەوە.
|