راپۆرت

كۆرۆنا بەریتانییەكە لە زیاتر لە ٦٠ وڵاتی تر بڵاوبووەتەوە


لەگەڵ بەردەوامی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا، جۆرە نوێیەكانی ئەو ڤایرۆسەش لە بڵاوبوونەوەی بەردەوامدان و چەندین وڵات و ناوچەی تریان گرتووەتەوە و جۆری نوێتریش لە چەند ناوچەیەك تۆماركراوە. توێژینەوەیەكی نوێش دەریخستووە تەنها قسە كردن لەگەڵ كەسی تووشبوودا هۆكارە بۆ گواستنەوەی كۆرۆنا.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا كە سەرەتا لە "بەریتانیا"وە سەریهەڵدا تا ئێستا لانی كەم لە ٦٠ دەوڵەتی تر تۆمار كراوە، واتە لە ماوەی تەنها هەفتەیەكدا لە ١٠ وڵاتی تر ئەو ڤایرۆسە نوێیە تۆماركراوە.

هەر بە پێی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، جۆرێكی تری كۆرۆنا كە بۆ یەكەم جار لە باشوری ئەفریقا بڵاوبووەوە و دەوترێت لە جۆرەكەی "بەریتانیا" مەترسیدارترە، لە ٢٣ دەوڵەت و ناوچەی تریش تۆماركراوە.

لە ئێستاشدا چاودێری بڵاوبوونەوەی دوو جۆری تری كۆرۆنا دەكەن لە "بەڕازیل" كە لە ویلایەتی "ئەمازوناس"ی ئەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە و لە "ژاپۆنیش" لە ٤ گەشتیاری بەڕازیلی دەركەوتووە. هەرچەندە تا ئێستا زانیاری ورد نییە سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نوێیە و ئاستی مەترسییەكەی، بەڵام بە پێی توێژینەوەكان ئەو ڤایرۆسەی "بەڕازیل" نزیكە لە ڤایرۆسە نوێیەكانی "بەریتانیا" و "باشوری ئەفریقا" بەڵام پێویستی بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

سەبارەت بە كۆڤید ١٩ش، بە پێی توێژینەوەیەكی نوێ كە ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، بە تەنها قسەكردن لەگەڵ كەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوەی ٣٠ چركە بە بێ كۆكە، ڤایرۆسەكە بۆ كەسی بەرامبەر دەگوێزێتەوە، جەختیش كراوەتەوە لە گرنگی بەستنی دەمامك و دووری ٢ مەتر لە نێوان دوو كەسدا.

دوای زیاتر لە ساڵێك لە تۆماركردنی یەكەمین حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە وڵاتی "چین"، ئێستا زیاتر لە ٩٦ ملیۆن تووشبوو لە جیهان تۆماركراوە، زیاتر لە ٢ ملیۆن توشبوو گیانیان لە دەستداوە و نزیكەی ٧٠ ملیۆن تووشبووش لە جیهان چاكبوونەتەوە.

مانگ پێشتر - Jan 20 2021 4:27PM
Print Friendly and PDF
زیاتر