بەھۆی ڕاگرتنی خستنەڕووی دۆلار بەشێوەی حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق و خستنەڕووی بڕێکی کەمی دۆلار بۆ ئەمڕۆ، بەھای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی.
ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ١٠٠ دۆلار بە ١٥٦ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا و بانکی ناوەندی عێراقیش رایگەیاندووە، خستنەرووی دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بۆ ئەمڕۆ ڕاگرتووە، ئەوەش پەیوەندی بەو ڕێوشوێنە کارگێڕی و تەکنیکیانەوە ھەیە کە دەیەوێت ئەو دۆلارەی لە عێراقدا ھەیە وڵاتانی ناوچەکە سودی لێ وەرنەگرن.
ئاشکراشیکردووە، ئەمڕۆ تەنھا ٤٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار بەشێوەی کاش دەخاتەڕوو، ئەوەش کەمترین بڕە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بانکی ناوەندی خستوویەتییەڕوو.
بەو ھۆکارانەش پێدەچێت ئەمڕۆ بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی زیاتر داببەزێت.