راپۆرت

لەگەڵ دەستبەکاربوونی بایدن پرسی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە گەرمتر دەبێت


لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن "جۆ بایدن" سەرۆکی نوێی ئەمریکاوە، پرسی ئێران و رێککەوتنە ئەتۆمییەکە گەرمتر دەبێت، لە ئیدارەی نوێی ئەمریکاوە ئاماژەی ئەرێنی ھەیە بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکە بەڵام بە مەرج، ئێرانیش مەرجی ھەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی ھەیە.  

"ئەنتۆنی بلینکن" کە دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیدارەکەی "بایدن" رایگەیاند، سەرۆکی نوێ ئامادەیە بگەڕێتەوە ناو رێککەوتنی ئەتۆمی بەڵام بەو مەرجەی "ئێران" بە تەواوی پابەندی بەڵێنەکانی بێت. 

وتیشی، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان ھەوڵی جدی دەدەن بۆ دروستکردنی رێککەوتنێکی بەھێزتر، کە پڕۆگرامی مووشەکی بالیستی و چالاکییەکانی ئێران لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە، کە لە ئێستادا ئەو مەرجانە بەردەست نین. 

"لوید ئۆستن" کاندیدی وەزیری بەرگری ئەمریکاش دەڵێت، ئێران ھەڕەشەیە بۆ ھاوپەیمانەکانی "واشنتۆن" لە ناوچەکە و ھێزەکانی ئەمریکاش، ئەگەر بێتو توانای ئەتۆمی زیاتر بکات ئەوا مامەڵە کردن لەگەڵیدا قورستر دەبێت.

لەسەر ئاستی ئێران، "حەسەن رۆحانی" سەرۆکی ئەو وڵاتە داوای لە "بایدن" کردووە بگەڕێتەوە ناو رێککەوتنەکە و بەڵێنیشی دا ئەگەر ئەمریکییەکان بگەڕێنەوە رێککەوتنەکە و پابەندی بڕیاری ٢٢٣١ بن، ئەوانیش پابەندبوونی خۆیان دووپات دەکەنەوە، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ھیچ ئیرادەیەک بەدی نەکەن بۆ پاراستنی رێککەوتنەکە و بەڵێنەکانیان، لە پەرەدان بە پڕۆگرامی ئەتۆمی بەردەوام دەبن. "رۆحانی" ئاماژەی بەوەشکردووە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار کە لەلایەن ئیدارەی "دۆناڵد ترامپ"ەوە پەیڕەو دەکرا شکستی ھێنا و ٤ ساڵی دەسەڵاتی "ترامپ" تەنھا زوڵم و گەندەڵی لێکەوتەوە. 

ھاوکات "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران وتویەتی، دانوستان کردن بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ھیچ پێویست نییە، ئەگەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا سزاکان ھەڵبگرێت، پابەندبوونی خۆیان دەپارێزن. 

یەکێتی ئەوروپاش لە زاری "جۆزێب بۆریل" لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە ھۆشداری داوە لەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران پێشھاتێکی باش نییە و مەترسی دەبێت لەبەردەم ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا، چونکە ئەو رێککەوتنە پلانێکی گشتگیر و ھاوبەشە و پێویستە وەک ئەوەی ساڵی ٢٠١٥ لەسەری رێککەوتن کراوە، جێبەجێ بکرێت. 

ئەوەی ئێستا جێی نیگەرانی کۆمەڵی نێودەوڵەتییە بە ئەمریکاوە ئەوەیە ئێران لە مانگی رابردووەوە رایگەیاندووە پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی ٢٠% دەستپێدەکەنەوە، کە پێچەوانەی رێککەوتنەکەیە.



مانگ پێشتر - Jan 20 2021 1:25PM
Print Friendly and PDF
زیاتر