لایەنەکانی چوارچێوە فشار لە سودانی دەکەن بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

2022-12-30   |  
فۆتۆ: 
هەژار
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بەردەوامە لەسەر ھەوڵەکانی بە مەبەستی دەرکردنی تەواوی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە بەڵێنێکە و لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پێشوەختی رابردوو بە عێراقییەکانی داوە بۆ ئەوەش فشارێکی زۆری لەسەر سودانی دروستکردووە، بەڵام تائێستا سودانی نایەوێت بچێتە ژێر باری دەرکردنی بڕیارێکی قورسی لەو جۆرە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بوو بۆ پۆستەکەی ئێستای و پێکھێنانی حکومەت، لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تائێستاش لەلایەک کار بۆ ئەوەدەکات و ھەوڵی داوە پەیوەندییەکی بەھێز و ھاوسەنگی لەگەڵ ئەمریکا ھەبێت بۆ زیاتر ھاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی، لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ ناو جیھانی وڵاتانی عەرەبی و لە ژێر دەسەڵاتی ئێران و ئەمریکا رزگاری بکات.

سەرەڕای ئەو ھەوڵانەشی، سودانی نایەوێت حکومەتەکەی ببێتە حکومەتێکی حزبی و بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بە تایبەتی بە مەبەستی دەرکردنی تەواوی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە ئەوەش دەبێتە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بە یەکجاری، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا بەھۆی بردنی بڕێکی زۆری دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران بە تەواوی لە بەغداد نیگەرانە.

سودانی دەرکردنی بڕیارێک بۆ مەبەستی کۆتاییھێنان بە ئەرکی تەواوی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە قورس و ھەنگاوێکی داھاتوو نادیار و ئاڵۆز دەزانێت، چونکە رەوشی ئێستای ئەفغانستانی لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەبەرچاوگرتووە و پێیوایە ئەگەر لە داھاتوودا ھەر گۆڕانکاری و پێشھاتێکی مەترسیدار سەرھەڵبدات بە تایبەتی لە رووی ئەمنییەوە، ناتوانێت داوا لە ئەمریکا بکات دووبارە ھێزەکانی رەوانەی عێراق بکاتەوە.

لە بەرامبەریشدا لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بە گشتی و ئەو لایەنانەی بە نزیک لە ئێران دادەنرێن بە تایبەتی، فشارێکی زۆریان لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق دروستکردووەو کار بۆ ئەوەدەکەن بە ھەرێگەیەک بێت سودانی بڕیاری دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا بدات، سودانیش دڵنیایە لەوەی ئەگەر ھێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق بکشێنەوە، حکومەتەکەی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا نامێنێت و دەکەوێتە ژێر دەسەڵات و ھەژموونی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، بۆیە بەھیچ شێوەیەک نایەوێت بچێتە ژێر باری بڕیارێک بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.