راپۆرت

بەریتانیا: هەفتەی ڕابردوو ڕۆژانە ٩٣٥ تووشبووی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە


هەفتەی ڕابردوو زۆرترین تووشبووی كۆرۆنا لە جیهاندا گیانیان لە دەستداوە و زۆرینەی حاڵەتەكانیش لە بەریتانیا بوون، وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتەش دەڵێت، هیچ كاتێك بە ئەندازەی ئێستا، نەخۆشخانەكانیان پڕ نەبوون لە تووشبووی كۆرۆنا.

بە پێی داتایەك كە زانكۆی"ئۆكسفۆرد"ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، هەفتەی ڕابردوو بە تێكڕا ڕۆژانە لە بەریتانیا ٩٣٥ تووشبووی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە، واتە لە هەر ملیۆنێك كەس ١٦.٥ كەسیان گیانیان لە دەستداوە، كە ئەوەش بەرزترین ئاماری گیان لە دەستدانە بە كۆرۆنا، لە ماوەی هەفتەیەكدا.

دوای بەریتانیا، هەفتەی ڕابردوو زۆرترین تووشبووی كۆرۆنا لە "چیك" گیانی لە دەستداوە، ئەویش بە ڕێژەی ١٦.٣ بۆ هەر ملیۆنێك كەس و دواتریش پرتوگال بە ڕێژەی ١٤.٨ و دواتریش سلۆڤاكیا بە ڕێژەی ١٤.٥ حاڵەتی گیان لە دەستدان، لە هەر ملیۆنێك كەس.

تۆماركردنی بەرزترین ئاماری گیان لە دەستدان لە بەریتانیا، هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئامارەكانی تووشبوون و بەردەوامی هەڵمەتەكانی كوتان دژی ڤایرۆسەكە، لەو بارەوە بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، تا ئێستا ٤ ملیۆن كەس لە بەریتانیا بە ڤاكسینی كۆرۆنا كوتراون و داواشی لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد ڤاكسینەكە وەربگرن. ڕاشیگەیاند، ڕەوشەكە ترسناكە و ڕەنگە لە دوای ١٥ی مانگی داهاتووەوە، هەنگاو بە هەنگاو دەست بە كەمكردنەوەی ڕێكارەكان بكەن.

هاوكات مات هەنكۆك وەزیری تەندروستیی بەریتانیا، نیگەرانی لە ڕەوشی وڵاتەكەی پیشاندا و ڕایگەیاند، هیچ كاتێك بە ئەندازەی ئێستا، تووشبوویان لە نەخۆشەكان نەبووە و ئێستا زۆرترین تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانن، بە جۆرێك لە ماوەی هەر خولەكێكدا ٢ تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێنراون.

بەهۆی دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێ و گۆڕاو لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا، چەند مانگێكە ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە لەو وڵاتە تودنكراونەتەوە و بۆ جاری سێیەم لە ماوەی ساڵێكدا كەرەنتینی گشتی بەسەر تەواوی بەریتانیا سەپێنرا.

مانگ پێشتر - Jan 19 2021 11:56AM
Print Friendly and PDF
زیاتر