راپۆرت

وادەی گەشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ عێراق ئاشکرادەکرێت


لەگەڵ نزیکبوونەوەی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ عێراق، رێژەی چاکبوونەوەو تێپەڕاندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

سەبارەت بە دوایین ھەوڵەکانی دەستەبەرکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ڤاکسینی کۆرۆنا لە ماوەی ٢ مانگی تردا دەگاتە وڵاتەکەو بە خۆڕایی بەسەر ھاووڵاتیان دابەش دەکرێت و ئەولەویات بۆ ٤ چین و توێژ دەبێت.

جەواد موسەوی ئەندامی ئەو لیژنەیە سەبارەت بە وردەکاری دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا وتی،  سەرەتا کارمەندانی تەندروستی و دواتر بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە، لەگەڵ ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان بە ڤاکسینی کۆرۆنا دەکوترێن. 

پێشتریش ئەوە خرابووە ڕوو، کە عێراق رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای "فایزەر" کردووە بۆ بەدەستھێنانی ١٦ ملیۆن دۆز لە ڤاکسینی ئەو کۆمپانیایە.

ھاوکات "حەسەن تەمیمی" وەزیری تەندروستی عێراق ئاشکرایکرد، رێژەی چاکًبوونەوەو تێپەڕاندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، دامەزراوە تەندروستییەکانیش تا رادەیەکی باش کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە عێراقدا کردووەو بەپێی دوایین ئامار، رێژەی چاکبوونەوەو تێپەڕاندنی ڤایرۆسەکە، زیاتر ٩٣%ەیە.

وەزیری تەندروستی عێراق، روونیشیکردەوە، سکاڵاو رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر ئەو کەناڵ و لایەنانە دەگرنەبەر بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی، ھەواڵ و زانیاری تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق، بڵاوبکەنەوە. 

"حەسەن تەمیمی" بەپێویستی زانی لەم قۆناغەشدا، ھاوڵاتیان پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن و لەناوچە قەرەباڵغەکاندا، دەمامک بەکار بھێنن.

لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، عێراق لە پلەی یەکەمدایە لەڕووی زۆرترین ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا  و لەسەر ئاستی وڵاتانی جیھانیش، لە پلەی ٢٦ە میندایە.



مانگ پێشتر - Jan 18 2021 5:42PM
Print Friendly and PDF
زیاتر