راپۆرت

عێراق ھەوڵدەدات دووبارە ھەناردەی نەوت زیاد بکاتەوە


دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستێکی پێوانەیی لە ساڵی ٢٠٢٠ دا،  کە چەندین ساڵە ھاوشێوەی نەبووە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری عێراق دروستکرد ئەوەش بەھۆی ئەوەی  بودجەی وڵاتەکە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە نەوت دەبەستێت، دواتریش رێککەوتنەکەی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی  بڕی ھەناردەی  نەوت بەو ئامانجەی نرخەکەی بەرز بێتەوە، فشاری زیاتری لەسەر عێراق دروست کرد.

عێراق وەک یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی ئۆپیک، ھەر لە سەرەتاوە  چەند جارێک پابەندبوونی بەرێککەوتنەکە دوپاتکردەوەو پلانی دانا رۆژانە بەرھەمھێنانی نەوت بەبڕی یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکاتەوە، بەو شێوەیەش  تا رادەیەک نرخی نەوت بەرز بونەوەی بە خۆوە بینی، بەڵام پیدەچێت چیتر عێراق توانای نەبێت پابەندی ئەو رێککەوتنە بێت ئەوەش بەھۆی ئەو قەیرانە داراییە قورسەی رووبەرووی بووتەوە، ھەربۆیە  ھەوڵدەدات دووبارە ھەناردەی نەوت زیاد بکاتەوە.

بەھادین نوری ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ عێراق پابەند بوو بە رێککەوتنەکەی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی ھەناردەی نەوت، لە ئێستادا ھەوڵ دەدات بەشە ھەناردەی خۆی لە رێکخراوی ئۆپیکدا زیاد بکاتەوە و وەزارەتی نەوتیش داوای کردوە ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەدا زیاتر بکرێت، ئەوەش بەو ئامانجەی کە جارێکی تر ئابووری عێراق ببوژێتەوە، بەتایبەت کە لە چەند مانگی رابردوودا نرخی نەوت تا رادەیەک بەرز بووەوە.

پێشتریش عێراق چەند ھەوڵێکی تری دا تا بتوانێت لەکاتی دابەزینی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی ھەناردەیدا، سودێکی زیاتر لە نەوتەکەی ببینێت و بۆ ئەو مەبەستەش بۆ یەکەمین جار ھانای بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی برد بە مەرجی وەرگرتنی داھاتی پێشوەختە لە وڵاتانی کڕیار.

وەزارەتی نەوتی عێراق لەو کاتەدا دوپاتیکردەوە، کە لە چوارچێوەی ئەو ھەوڵانەی بۆ بەرەنگاربونەوەی قەیرانی دارایی دەیدەن، ھەوڵ دەدەن گرێبەستی پێنج ساڵە لەگەڵ چەند وڵاتێکی کریاری نەوتی عێراق ئیمزا بکەن، بەو مەرجەی کە داھاتی نەوتەکە پێش وەختە وەربگرن و داواتر لەماوەی ٥ ساڵدا بە چەند قۆناغێک نەوتەکە ھەناردە بکەن،  وەرگرتنی داھاتی پێشوەختەشیان بە بەشێک لەو پلانە دانا کە بۆ زیادکردنی بودجەی وڵات دایان رشتوە، لێپرسراوانی وەزارەتی نەوت دوپاتیشیانکردەوە کە پایەندبوونی عێراق بە رێکەوتنەکەی ئۆپیک لە  ٢٠٢٠، ھۆکارێکی سەرەکیەکە کە وایکرد عێراق پێویستی بە ھەنگاوێکی لەو شێوەیە بێت.



مانگ پێشتر - Jan 18 2021 5:24PM
Print Friendly and PDF
زیاتر