ئاسایشی سلێمانی: ھێزە چەکدارەکە بە شێوەی دوور لە یاسا رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە

2021-06-22   |  
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە بارەی رووداوەکەی شەوی رابردووەوە راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا ئاماژەی کردوەی بەوەی: لە کاتێکدا شەوی رابردوو ھێزەکانیان بە ھاوبەشی ھێزە ئەمنییەکانی لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لە ئەرکێکی رەسمیدا بوون لە شەقامی جەواھیری لە گەڕەکی سەرچنار، شۆفێرێک پابەند نەبووە بە رێنماییە یاساییەکان و گرفتی دروست کردووە، دواتر ئەو کەسە ھێزێکی چەکداری بە شێوازێکی دەرچوون لە یاسا لە دژی ئاسایش و ھێزە ئەمنییەکان بەکارھێناوە و ھەڵیکوتاوەتە سەریان و بە تەقە رووبەڕووی ھێزە ھاوبەشەکە بوونەتەوە، لە ئەنجامدا شەش کارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و کارمەندێکی ھێزەکانی فریاکەوتنی پۆلیسی سلێمانی بریندار بوون و بۆ چارەسەرکردن رەوانەی نەخۆشخانە کران.

لە درێژەی راگەیاندراوەکەیە ئاسایشی سلێمانیدا ئەوەش ھاتووە، رێوشوێنە یاساییەکان بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە بەجێدەھێڵن و ھەموو لایەکیش دڵنیا دەکەنەوە ھەرگیز دەستبەرداری ئەرکی نیشتمانی خۆیان نابن بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان و لەو پێناوەشدا ئامادەی ھەموو قوربانییەکن و ھیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازن.

ئاسایشی سلێمانی: کەسێک پابەندی رێنماییەکان نەبووە و ھێزی چەکداری بەکارھێناوە