بەریتانییەک لە ھەولێر گیانی لەدەستدا

2022-12-02   |  
هەولێر
فۆتۆ: 
لاڤە
پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند، ھاووڵاتییەکی بەریتانی بەھۆی رووداوی ھاتووچۆوە لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری ھەولێر گیانی لەدەستداوە کە لە شوێنی مۆڵەتپێدراو نەپەڕیوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو رووداوێکی ھاتووچۆ لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری ھەولێر روویداوە و دوای گەیشتنیان بە شوێنی رووداوەکە دەرکەوت، ماتۆڕسکیلێک کە شوفێرەکەی بە رەگەز عەرەبی سوریایە و کاری دیلیڤەری دەکات، خۆی کێشاوە بە ھاووڵاتییەکی بە رەگەز بەریتانی و گیانی لەدەستداوە. 

راشیگەیاندووە، ئەو ھاووڵاتییە بەریتانییە ناوی "ئاندرو تورلی"یە و تەمەنی ٥٩ ساڵە و لە کۆمپانیایەک لە شاری ھەولێر کاردەکات و ویستوویەتی بە پیادە لە شەقام بپەڕێتەوە، بەڵام شوێنی پەڕینەوەی پیادە نەبووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانیش، ھاوڕێیەکی ئەو ھاووڵاتییە بەریتانییە کە لەکاتی رووداوەکە لەگەڵیدابووە بە ناوی "دەیڤد"، دانی بەوەداناوە بەر لە رووداوەکە خواردنەوەی کحولییان خواردووەتەوە و ھاوڕێکەشی لە شوێنی مۆڵەتپێدراو بۆ پەڕینەوەی پیادە نەپەڕیوەتەوە.

پۆلیسی ھەولێر روونیشکردووەتەوە، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بەپێی ماددەی ٢٤ی ھاتووچۆ دەستگیرکراوە.