ئانۆ جەوھەر: باجی کارتی مۆبایل بۆ حکومەتی ھەرێم نەبووە

2022-12-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئانۆ جەوھەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم رایگەیاند، ھیچ بڕێک لەو پارەیەی باجی سەر کارتی مۆبایل کە وەردەگیرا بۆ حکومەتی ھەرێم نەبووە و گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی عێراق.

"ئانۆ جەوھەر" لەبارەی ھەڵگرتنی باج لەسەر کارتەکانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت بەپێگەی فەرمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاند، ھەرسێ کۆمپانیای کۆڕەک و ئاسیا و زەین گرێبەستیان لە بەغدادە، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کە باجی ٢٠% سەپێنرا لەسەر کارتی مۆبایل، ھیچ بڕێکی نەھاتووەتە خەزێنەی ھەرێم و دەدرا بە حکومەتی فیدراڵی. 

وتیشی، داوایانکردبوو  لە حکومەتی فیدراڵی ئەو بڕەی کە حکومەت وەکو قازانج وەریدەگرێت، بەشی ھەرێمی کوردستان بدات، چونکە ھاووڵاتیان لە ھەرێمیش ئامرازەکانی پەیوەندی بەکاردەھێنن، چونکە بەپێی دەستوور مافی ھەرێمی کوردستان بوو کە ئەو بڕە وەربگرێت.