داھاتی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا زیاتر لە ھەشت ملیار دۆلار بووە

2022-12-01   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
داھاتی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا، زیاتر لە ھەشت ملیار دۆلار بووە و بەراورد بە مانگی رابردووتر زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کەمیکردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ لە مانگی تشرینی دووەم بڕی ٩٩ ملیۆن و ٨٦٧ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و داھاتەکەی گەیشتووەتە ھەشت ملیار و ٢٣١ ملیۆن دۆلار.

رونیشیکردووەتەوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشور ٩٧ ملیۆن و ٢٠٤ ھەزار بەرمیل و لە کێلگە نەوتییەکانی کەرکوکیش ٢ ملیۆن ٣٦٣ ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە و  تێکڕای رۆژانەی ھەناردەکردن ٣ ملیۆن و ٣٢٩ ھەزار بەرمیل بووە و تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتیش گەیشتووەتە ٨٢ دۆلار و ٤١٧ سەنت.

بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم داھات و نرخی نەوتی عێراق کەمیکردووە و لە مانگی تشرینی یەکەمدا داھاتی نەوت ٩ ملیار و ٢٥٨ ملیۆن دۆلار بووە و نرخی بەرمیلێک نەوتیش ٨٨ دۆلار و ٣١ سەنت بووە.