وەزارەتی تەندروستی عێراق فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ دەرچووانی بەشە تەندروستییەکان رادەگەیەنێت

2022-12-01   |  
فۆتۆ: 
ئایار
وەزارەتی تەندروستیی عێراق فۆڕمی ئەلیکترۆنی تایبەت بۆ دەرچووانی بەشە تەندروستییەکان رادەگەیەنێت و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستانیش بەمەرج دەتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.

دکتۆر گەیلان قادر زەنگەنە ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی عێراق رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر داوایەکارییەکیان بۆ کردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی تایبەت بە دەرچووانی بەشە تەندروستییەکان کە بەپێی یاسای ژمارە شەشی ساڵی ٢٠٠٠ دەبێت دەرچووانی بەشە تەندروستییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ -٢٠٢١ راستەوخۆ دابمەزرێن.

راشیگەیاند، ئەو داواکارییە دەرچووانی ‌بەشە تەندروستییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بە مەرجێک دانیشتووی پارێزگاکانی عێراق بن.

پێشتر د. نەرمین مەعرووف ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٠ - ٢٠٢١ کە دانیشتووی پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و نەینەوا و سەڵاحەدینن، بەپێی یاسا مافی دامەزراندنیان ھەیە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵیەوە.