ماوەی ١٢ ڕۆژە نوێنەرێکی ڕۆژئاڤا و دوو ئەندامی پەیەدە لە ھەولێر دەستگیرکراون

2021-06-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ماوەی ١٢ ڕۆژە نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و دوو ئەندامی پەیوەندییەکانی پەیەدە لە ھەولێر دەستگیرکراون و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریاش، بەرپرسیاریەتی چارەنووسیان دەخاتە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ھەرێم.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگەوە نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ھەولێر و دوو ئەندامی پەیوەندییەکانی "پەیەدە"، لەلایەن دەزگا  ئەمنییەکانەوە لە شاری ھەولێر، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەستگیرکراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.


ڕاشیگەیاند، ئەو کارە پێچەوانەی بەھا دیپلۆماسییەکانە و بەرپرسیاریەتی ژیانیان دەخەنە ئەستۆی ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم، داواشی لە لایەنە ڕەسمییەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، ھاوکاریان بن، لە ئاشکراکردنی شوێنی دەستگیرکردنیان و ئازادکردنیان.