تورکیا داوای کشانەوەی ھەسەدە لە مەنبەج و کۆبانێ و تەلرەفعەت دەکات

2022-11-29   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
تورکیا بە مەرجی کشانەوەی ھەسەدە لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان ھێرشی زەمینی ئەنجامنادات، ھەسەدەش داوا لە روسیا دەکات، رێگە لە ھێرشی زەمینی تورکیا بگرێت.

سەرچاوە رەسمییەکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لێپرسراوانی تورکیا داوای کشانەوەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە مەنبەج و کۆبانێ و تەلرەفعەت کردووە، ھەروەھا مەرجی ئەوەشی داناوە کە دامەزراوەکانی حکومەتی سوریا بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە بە ھێزە ئەمنییەکان و پاسەوانی سنورەوە. 

سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، تورکیا وادەیەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی داناوە، ئەگەر جێبەجێنەکرێن، ئۆپراسیۆنەکانی لەو ناوچانە دەستپێدەکات. 

لای خۆشیەوە، "ئارام حەنا" وتەبێژی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە رایگەیاند، داوای ھاوکارییان لە نوێنەرانی روسیا کردووە بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریا لەپێناو پاراستنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندایە. 

سەبارەت بە مەرجەکانی تورکیاش وتی، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنی روسیا بەردەوامە و کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدەن. 

لە رۆژی ١٩ی ئەم مانگەوە، تورکیا ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و ھەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی دەکات.