بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ عەممار حەکیم لە بەغداد کۆبووەوە

2022-11-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆبووەوە و جەختیانکردەوە لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد.

لە کۆبوونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی و عەممار حەکیم گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ھەوڵەکانی سەرخستنی پڕۆژەی چاکسازی و پشتیوانی لایەنە سیاسییەکان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت تاوتوێ کرد، جەختیشیان لە یەکخستنی ھەوڵەکان کردەوە لەپێناو دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی ریشەییانەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستووردا.


"بافڵ جەلال تاڵەبانی" پەرۆشیی یەکێتی بۆ تەبایی و یەکھەڵوێستی نێوان لایەنەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئامانجیان کاری پێکەوەیی و ھەوڵدانە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و بونیادنانی داھاتوویەکی پرشنگدار، ئەو بەرنامەیەش کە پێشکەشیان کردووە و خاڵەکانی لە کارنامەی حکومەتدا جێگیرکراون، لەپێناو بەدیھێنانی ئەو ئامانجە باڵایەدایە کە خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و یەکسانی و پارێزگاریکردن لە مافی ھەموواندا دەبینێتەوە.