وەزارەتی کشتوکاڵ: زیاتر لە ٣٠٠ جوتیار و خاوەن پڕۆژە مامەڵەی وەرگرتنی قەرزیان کردووە

2022-11-28   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێم بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٣٠٠ جوتیار و خاوەن پڕۆژە مامەڵەی وەرگرتنی قەرزی کشتوکاڵیان پێشکەشی وەزارەتکردووە.

 وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، لەماوەی دوو مانگی رابردوو تاوەکو ئێستا لەسەرجەم فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان، ٣٠٠ جوتیار و خاوەن پڕۆژە مامەڵە و داواکاریان بۆ سوودمەند بوون لە قەرزی کشتوکاڵی پێشکەش کردووە، لەو مامەڵانەش ١٠٠یان نێردراوە بۆ بانکی قرتاس.

ھەروەھا جوتیارێکی دەشتی قەراج لە قەزای مەخمور یەکەمین جوتیارە، لەسەر رووبەری پەنجا دۆنم زەوی کشتوکاڵ دەکات و بەبڕی چل ملیۆن دینار لەو پڕۆژەیە سوودمەند بووە، بۆ دابینکردنی ئامێرەکانی راکێشانی کارەبا و  ئامێرە کشتوکاڵییەکانی تر. 

پێدانی قەرز بە دەرچووانی بەشە کشتوکاڵی و ڤێتەرنەرییەکان، دوابەدوای ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەشتنی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بانکی القرتاسی ئیسلامی بووە، بەمەبەستی پاڵپشتی و رەخساندنی دەرفەتی قەرزی بانکی بە شێوەی قیستی درێژخایەن، بە بڕی ١٥ ملیۆن تاوەکو ١٠٠ ملیۆن دینار لە قۆناغی یەکەم بۆ پڕۆژەی بچووک و مام ناوەند.