لێپرسراوانی ئێران خوشکەزایەکی خامنەییان دەستگیرکرد

2022-11-28   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
دوو خۆپیشاندەری دیکەی کورد کە بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بریندارکرابوون گیانیان لەدەستدا.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، "رەزا کازمی" کە تەمەنی ١٦ ساڵە و خەڵکی گوندێکی سەربە کامێرانە، دوای چەندین رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. ھەروەھا یەکێکی تر لە بریندارەکانی شاری مھابادیش گیانی لەدەستدا.

ھەروەھا لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ھاووڵاتیانی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و زیاتر فراوانبوونی ناڕەزاییەکان، حەوت ھاووڵاتی خەڵکی "بڵوناوا"ی سەربە شاری "دێولان" ماوەی ١٠ رۆژە چارەنووس و شوێنی گیرانیان دیار نییە. 

لەلایەکی ترەوە، لێپرسراوانی ئێران "فەریدە مورادخانی" خوشکەزای "عەلی خامنەیی" رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیان دەستگیرکردووە، بەھۆی ئەوەی حکومەتی ئێرانی بە تاوانبار و بکوژی منداڵان وەسفکردووە.