بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق، موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم و رەییان کلدانی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابلیون لە بەغداد کۆبوونەوەو جەختیان لە ھەماھەنگی و ھاریکاری بەردەوامی نێوان ھێزە نیشتمانییەکان کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی وڵات تاوتوێکران و جەختیان لە ھەماھەنگی و ھاریکاری بەردەوامی نێوان ھێزە نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناو راپەراندنی ئەرکە دەستووری و نیشتمانییەکان و پاراستنی مافی ھەموو گەلانی عێراق کردەوە.
کۆبوونەوە بەرەچاوکردنی دۆخی سیاسی، ئابووری، ئەمنی ئەمڕۆی عێراق داوایکرد بەرژەوەندی نیشتمانی، پێکەوەیی و ھاوبەشیی راستەقینە بکرێنە بنەمای کارکردن و بەھێزکردنی پایەکانی حوکمڕانی. ھەروەھا پشتگیریی لایەنەکان بۆ سەرخستنی بەرنامەی حکومەت و پرۆسەی چاکسازی، وەک فاکتەرێکی گرنگی بەدیھێنانی سەقامگیری لەوڵاتدا وەسفکرا. داوشکرا ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەرێکی ریشەییانەی بۆ بدۆزرێتەوە و دەستوور بکرێتە پێوەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سازان لەسەر ئەو خاڵانەی ناکۆکیان لەسەرە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا خواستی ھەرێم و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئامانجی ئێمە پاراستنی ھاوسەنگی و بەدیھێنانی مافەکانی گەلی کوردە لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا. دەمانەوێت تەبایی و پێکەوەژیان بکەینە بنەمای کارکردن و ھەموومان لەپێناو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتییانمان ھەوڵبدەین. دڵنیاین دەتوانین لەگەڵ برا و دۆستەکانمان وڵات بەرەو ئاشتی، سەقامگیری و یەکسانی ئاڕاستە بکەین و لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا بین.