سەرۆکی کۆریای باکور: ئامانجمان ئەوەیە ببینە بەھێزترین دەوڵەتی ئەتۆمی لە جیھاندا

2022-11-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
"کیم جۆنگ ئون" سەرۆکی کۆریای باکور رایدەگەیەنێت، ئامانجیان ئەوەیە ببنە بەھێزترین دەوڵەتی ئەتۆمی لە جیھاندا.

میدیا رەسمییەکانی کۆریای باکور بڵاویانکردەوە، "کیم جۆنگ ئون"  لە میانی پلەبەرزکردنەوەی دەیان ئەفسەری سوپای وڵاتەکەی کە بەشدارییان کردووە لە تاقیکردنەوەی گەورەترین موشەکی بالیستی لە ماوەی رابردوودا، رایگەیاندووە، ئامانجی ئەوەیە کۆریای باکور بکاتە خاوەن بەھێزترین ھێزی ئەتۆمی لە جیھاندا کە ھاوشێوەی نەبوبێت، لە پێناو پاراستنی شکۆ و سەروەری وڵات. 

سەرۆکی کۆریای باکور باسی لەوەش کردووە، زانایانی وڵاتەکەی توانیویانە لە بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆژیای کڵاوەی ئەتۆمی ھەنگاوی گرنگ بنێن، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخاتەڕوو. 

وتیشی، مووشەکی ھواسونج ١٧ بەھێزترین چەکی ستراتیژییە لە جیھاندا و دەریدەخات پیۆنگ یانگ دەتوانێت بەھێزترین سوپا لە جیھان بنیات بنێت.