ئیبراھیم رەئیسی: بەڵێنەکانمان بۆ گەلی ئێران دەبەینە سەر

2021-06-21   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئێران رایدەگەیەنێت، فشارە دەرەکییەکان کاریگەریی لەسەر گەلی ئێران نەکردوە و سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی نوێ تەنھا لە رێککەوتنی ئەتۆمی خۆی نابینێتەوە و سەرباری ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەممان بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن.

ئیبراھیم رەئیسی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم ھەڵبژاردنە پەیامی گۆرانکاری بوو لە ئێرانەوە بۆ ھەمو جیھان و دوبارەکردنەوەی پەیامەکانی شۆرشی ئیسلامی بوو و سوپاسی خەڵک دەکەین کە سەرباری کۆرۆنا بەشداری دەنگدانیان کرد.


وتیشی، ئامانجی حکومەتی ئێران روبەروبونەوەی گەندەڵی دەبێت و حکومەت لە خزمەتی ھاوڵاتیاندا دەبێت و گەلی ئێران دەیەوێت رەوشی ئابوری بگۆڕێت و ژیانی گەنجەکانمان بەرەو باشتر دەگۆڕین و بەڵێنەکانمان بۆ گەلی ئێران دەبەینە سەر.


راشیگەیاند،  لەماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا خزمەتی زۆری گەلی ئێران کراوە و ئێمەش بەردەوام دەبین و سەرباری ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەممان بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن لەمەودوا گرنگی زیاتر بە بەرھەمە ناوخۆییەکان دەدەین و حکومەتێک پێکدەھێنین بۆ ھەموان بێت و کار دەکەین بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری لە وڵاتدا و کاری سەرەکیمان دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ گۆڕینی ژیانی ئێستای خەڵکی ئێران.

ئیبراھیم رەئیسی ئاشکراشیکرد، فشارە دەرەکییەکان کاریگەریی لەسەر گەلی ئێران نەکردوە و سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی نوێ تەنھا لە رێککەوتنی ئەتۆمی خۆی نابینێتەوە لە حکومەتی نوێدا بەسەر سەرجەم سیاسەتە دەرەکییەکاندا دەچینەوە .