ئێران دانی بەوەدانا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ روسیا ناردووە

2022-11-05   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
بۆ یەکەمجار ئێران دانی بەوەدانا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ روسیا ناردووە، دووپاتیشیکردەوە، ناردنی فڕۆکەکان چەند مانگێک پێش جەنگی ئۆکراین بووە.

حسین ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ئەوەی لەلایەن رۆژئاواوە دەوترێت لەبارەی ناردنی مووشەک بۆ روسیا بەتەواوی ھەڵەیە، بەڵام چەند مانگێک پێش جەنگی ئۆکراین، ژمارەیەکی دیاریکراو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان  داوەتە روسیا.

وتیشی، ئەگەر ئۆکراین بەڵگەی ھەیە روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئۆکراین بەکارھێناوە با پێشکەشی بکەن، ئەگەر سەلمێنرا بێباک نابن لەو بابەتە، لەبەرئەوەی ھێشتا ئێران پابەندە بە ھەڵوێستەکان سەبارەت بە جەنگی ئۆکراین.

عەبدوڵاھیان راشیگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکراین رێککەوتون بەڵگەکانیان پێشکەش بکەن، دوو ھەفتە لەمەوبەریش بڕیاربوو وەفدی ھەردوو وڵات لە وڵاتێکی ئەوروپی کۆببنەوە بەڵام وەفدی ئۆکراین ئامادەنەبوو.