سوپای ئۆکراین: روسیا بە زیاتر لە ٥٠ مووشەک خاکی ئۆکراینی کردە ئامانج

2022-10-31   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
روسیا بە زیاتر لە ٥٠ مووشەک خاکی ئۆکراینی کردە ئامانج، بەھۆیەوە کارەبا و ئاو لە چەندین ناوچەی کیێڤ و ناوچەکانی تر بڕاوە.

سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، ئەم بەیانییە دەنگی نزیکەی پێنج تەقینەوە لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراین و ناوچەکانی تر بیستراوە.

دوای ئەوەش سوپای ئۆکراین بڵاویکردەوە، روسیا بە ٥٠ مووشەکی کروز بۆردومانی خاکی ئۆکراینی کردووە. 

"ڤیتالی کلیچکو" سەرۆکی شارەوانی کیێڤ رایگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکانی روسیاوە بەشێکی کێیڤی پایتەخت و چەندین شار و شارۆچکەی تر لە ئاو و کارەبا بێبەش بوون.

سەرۆکایەتی ئۆکراینیش رایگەیاند، روسیا ھێرشی چڕ دەکاتە سەر دامەزراوەکانی وزە و داوای لە دانیشتووان کرد لە پەناگە و حەشارگەکاندا بمێننەوە، تا ئەو کاتەی مەترسی نامبَنێت.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش بڵاویکردەوە، روسیا ھەزاران سەربازی یەدەگی لە ھێڵی پێشەوەی جەنگ لە ئۆکراین جێگیرکردووە.