کوردستان

لاھور شێخ جەنگی و مستەفا کازمی چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد


لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٦ـی١ـی٢٠٢١،  لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

لە دیدارێکدا کە ھەریەک لە ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ھەرێم کەمال ئاغا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی دوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان و پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا.

لاھور شێخ جەنگی  پشتیوانیی یەکێیتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگە یاسایەی کە تایبەتە بە پشکی کورد و شایستە داراییەکانی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی٢٠٢١ لە پێناو چارەسەرکردنی بژێوی ژیانی ھاووڵاتییان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم.

ھاوکات داواشیکرد کە پشکی جوتیارانی ھەرێم لەبەرچاو بگیرێت و وەک بەڵێنیان پێدرابوو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەو بارەیەوە لاھور شێخ جەنگی جەختیکردەوە لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بە ھەوڵی ھەموو لایەنەکان و ڕایگەیاند: ھەر بڕیارێک لەلایەن حکومەت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بدرێت وەک یەکێتیی پشتیوانی دەکەین بۆ تەواوکردنی ئامادەسازییەکان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەرکەوتنی پرۆسەکە.

داواشیکرد سەرۆک وەزیران ڕۆڵی ھەبێت لە دابینکردنی ئاسایش و  پاراستنی ئارامی زیاتر لە ناوچە دابڕێندراوەکان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی کە ھاوکار و پشتیوان بێت و ھەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێناو سەقامگیری عێراق و پاراستنی مافی ھاووڵاتییان لە چوارچێوەی دەستوری عێراق.



مانگ پێشتر - Jan 16 2021 9:55PM
Print Friendly and PDF
زیاتر