رۆژی لەدایکبوونی نادال دەکرێتە رۆژی نیشتمانی لە ئیسپانیا

2021-06-20   |  
یەکێتی تێنسی سەرزەوی ئیسپانیا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
یەکێتی تێنسی سەرزەوی ئیسپانیا بڕیاری دا بەشێوەیەکی جیاواز و ناوازە رێز لە رافا نەداڵی ئەفسانەی تێنسی سەرزەوی بگرێت، ئەمەش وەکو پاداشت لەبەرامبەر ئەو دەستکەوتانەی بەدەستی ھێناوە.

ناداڵ بە یەکێک لە باشترین ئەستێرەکانی تێنسی سەرزەوی لە جیھان دادەنرێت و خاوەنی ٢٠ نازناوی گراندسلامە و بە پاشای سەر یاریگا گڵەکان ناودەبرێت و باشترین وەرزشکاریشە لە مێژووی ئیسپانیا.
بۆ ئەو مەبەستەش یەکێتی تێنسی سەرزەوی ئیسپانیا بڕیاری دا رۆژی لەدایکبوونی ئەو یاریزانە کە ٣ی شەشە بکات بە رۆژی نیشتمانی و ناوی رۆژی تێنسی سەرزەوی لێ بنێت و ھەموو ساڵێک بە چەندین چالاکی یادی بکرێتەوە.


سەبارەت بەمەش میگێل دیاز رۆمان سەرۆکی یەکێتی تێنسی سەرزەوی ئیسپانیا وتی: ھەر زوو درکم بەوە کرد ئەمە بیرۆکەیەکی مەزنە، تێنسی ئیسپانیا زۆری ھەیە بۆ ئەوەی ئاھەنگی بۆ بگێڕێت چونکە باشترین وەرزشکار لە مێژووی ئیسپانیا یاریزانی تێنسە.
بڕیاریشە لەو رۆژە سەرجەم یانەکانی تێنسی سەرزەوی و یەکێتییەکان چالاکی تایبەت بە تێنسی سەرزەوی بەڕێوەببەن و سەرەتاش ساڵی داھاتوو بەڕێوەدەچێت.