ئیسپانیا نەیتوانی سەرکەوتن بەرامبەر بە پۆڵەندا تۆماربکات

2021-06-20   |  
ھەڵبژاردەی ئیسپانیا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھەڵبژاردەی ئیسپانیا جارێکی تر شکستی ھێنا لەوەی یەکەم سەرکەوتن لە یۆرۆی ٢٠٢٠ تۆماربکات و ئەمجارەش کەوتە داوی یەکسانبوونی ھەڵبژاردەی پۆڵەندا.

لە میانی یارییەکانی جەولەی دووەمی یۆرۆی ٢٠٢٠ ئیسپانیا لە یاریگای لا کارتوخا رووبەڕووی پۆڵەندا بۆوەو یارییەکەش بەیەکسانبوون بە گۆڵێک کۆتایی ھات.
ئیسپانیا لە یارییەکە باشتر دەرکەوتن و چەند ھەلێکیان بۆ رەخسا بۆ ئەوەی گۆڵی پێشکەوتن بکەن تا دواجار لە دەقیقەی ٢٥ ئەلڤارۆ مۆراتا یەکەم گۆڵی ھەڵبژاردەکەی لە یۆرۆی ٢٠٢٠ تۆمارکرد.
لەدوای ئەو گۆڵە چەند ھەلێکی تر بۆ ھەردوو تیپ رەخسا بەڵام سودیان لێوەرنەگرت.


لە گێمی دووەمیش ھەرچەندە ئیسپانیا باشتر بوو بەڵام لە دەقیقەی ٥٤ رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی توانی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.


دوای ٣ دەقیقە لەو گۆڵەش داوەر بەسود وەرگرتن لە ڤار فیکەی پەنالتی بۆ ئیسپانیا لێدا بەڵام جێرارد مۆرینیۆ نەیتوانی گۆڵی پێ بکات.
ھەرچەندە ئیسپانیا چەندین ھەلی تری بۆ رەخسا بۆ ئەوەی یارییەکە بەسودی خۆی کۆتایی پێ بھێنێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.