حکومەتی ھەرێم بڕیاریدا پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان دابین بکات.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا مانگانە بڕی ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک تەرخان بکات.
بەپێی بڕیارەکەی حکومەت، مانگانە ٧٠٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی و ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەکانی نانەکەلی+رزگاری لە ھەولێر و ٣٠٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی ئازادی لە دھۆک تەرخان دەکرێت.
ماوەی چەند ھەفتەیەکە نەخۆشخانەی ھیوا رووبەڕووی کێشەی کەمی و نەمانی دەرمان و پێداویستییەکان بووەتەوە و پزیشک و کارمەندەکانی نەخۆشخانەکەش چەند جارێک مانیان گرتووە و داوای دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکە و مافەکانی خۆیانیان کردووە.