لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەختلەوەکرایەوە، کە دەبێت یەکێتی رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە چارەسەری کێشەکان و یەکلاکردنەوەی قەیرانەکان و ئاماژە بەوەشکراوە، دەبێت بەبێ جیاوازی بیروڕای سیاسی و ئایدۆلۆژی خزمەتی ھەولێرو ھەولێرییەکان بکرێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٦/١/٢٠٢١ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەشاری ھەولێر، بەئامادەبوونی کارگێڕ و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی سنووری پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ھاوکێشە سیاسییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەخت لەگرنگی ڕۆڵی یەکێتی کرایەوەو ئامادەبووان ھاوڕابوون، کە دەبێ یەکێتی ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێ لە چارەسەری کێشەکان و یەکلاکردنەوەی قەیرانەکان.
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی ھەولێرو ھەوڵەکانی یەکێتی بۆ خزمەتکردن لەو شارە، جەخت لەوەکرایەوە کە دەبێ بەبێ جیاوازی بیروڕای سیاسی و ئایدۆلۆژی خزمەتی ھەولێرو ھەولێرییەکان بکرێ.
پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، چارەسەری کێشەی مووچەو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ھاونیشتمانیان لەلایەن حکومەت تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکە بوون و گفتوگۆی وردو جدیان لەبارەوە کرا.