دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم ئاشکرایکرد، لە ساڵی ٢٠٢١ دا زیاتر لە ٤ ملیۆن و ١٨٩ ھەزار گەشتیار روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و پلانیشیان ھەیە بۆ ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بە رێژەی لەسەدا ٥٠ بەرزبکەنەوە.
لە رۆژی جیھانی گەشتیارییدا، دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوەکردووە، ھەموو ھەوڵێکی خۆیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی کەرتی گەشتوگوزار بکەنە یەکێک لە سەرچاوە ھەرە سەرەکیەکانی داھات لە ھەرێمی کوردستان و زۆرترین ھەلی کار بڕەخسێنێت.
راشیگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا توانیویانە چەند رێنماییەکی گەشتیاری ئامادە بکەن و ھەندێکیش ھەموار بکەنەوە بۆ ئەوەی ببنە فاکتەری ئاسانکاری لە کاروباری تایبەت بە کەرتی گەشتیاری.
دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی گەشتیاران ساڵانە روو لە زیادبوونە و لە ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی گەشتیارانی ھەرێم ٤ ملیۆن و ١٨٩ ھەزار و ٥٦٩ گەشتیار بووە، بەڵام ئامانجیان ئەوەیە کە ئەم ژمارەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێژەی ٥٠% بەرز بکەنەوە و ژمارەی گەشتیاران بگەیەنێتە زیاتر لە ٦ ملیۆن گەشتیار.