وەزارەتی ئەوقاف رەتیدەکاتەوە لە شوێنەکانی قورئانخوێندن دەستدرێژی سێکسی کرابێتە سەر فێرخوازان.
شێخ ئیبراھیم بەرزنجی بەڕێوەبەری ئیرشادی ئاینیی و ناوەندەکانی فێرکردنی قورئان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت لە ناوەندەکانی قورئانخوێندن لە ھەرێمی کوردستان دەستدرێژی سێکسیی کرابێتە سەر ھیچ ژن و منداڵێک.
شێخ ئیبراھیم بەرزنجی ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی قسەی چەند دایک و باوک و کەسێک کە سەردانی وەزارەتی ئەوقافیان کردووە، لەھەندێک شوێن ھەندێک کەس بە ناوی فێرکردنی قورئانەوە ژن و منداڵیان بۆ کاری نەشیاو بەکارھێناوە لەوانەش پارە وەرگرتن و سیحر و جادوو و فێرکردنی بیری توندڕەوی.
وتیشی، ئەو شوێنانەی ئەم کارانەی تێدا ئەنجامدراوە مۆڵەتیان لە وەزارەتەکەیان وەرنەگرتووە و بەبێ مۆڵەت کاریانکردووە.
لەبارەی بوونی بەڵگە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانەوە، شێخ ئیبراھیم بەرزنجی وتی، بەڵگە و ڤیدیۆیان لەبەردەستدا نییە و تەنھا سکاڵای ھاووڵاتیانیان لایە، ھەر بۆیە تائێستا ھیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە.
ئەم قسانەی شێخ ئیبراھیم بەرزنجی دوای ئەوە ھات بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کە رێککەوتی نۆی ئەیلولی لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە داواکراوە، بەمەبەستی ئاگاداربوون و کۆنترۆڵکردنی کاری ئەو رێکخراوانەی ھەڵدەستن بە ئەنجامدانی چالاکی ئاینیی، پێویستە ئەو شوێنانە مۆڵەتی وەزارەتەکەیان ھەبێت و ھەرکەسێکیش سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.
لە وبارەیەوە نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئایینی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نووسراوەکەی وەزارەتی ئەوقاف بۆ رێکخستنەوەی کاری ئەو شوێنانەیە کە چالاکی ئاینیی ئەنجامدەدەن و پێویستە مۆڵەتی وەزارەتەکەیان ھەبێت و لەگەڵ وەزارەتەکەیان ھەماھەنگییان ھەبێت.
دوای قسەکانی شێخ ئیبراھیم بەرزنجی، وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئایینی لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لەماوەی رابردوو لە ھەندێ شوێن و ماڵان و جێگەی نافەرمی کەسی نەشارەزا لەژێر گوتنەوەی قورئانی پیرۆزو وانەی ئایینی ئەم بابەتە پیرۆزەیان بۆ مەبەستی کەسی و سیاسی بەکارھێناوە، ئەمەش بەرپرسیاریەتی وەزارەتەکەیانە وەک لایەنی پەیوەندیدار و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئەم بابەتە بەشێوەیەکی یاسایی و شەرعی رێکبخەن.