بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی: مانگانە پارەی کارەبا لەبەردەم ماڵاندا وەردەگیرێت

2022-09-25   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، لەمەودوا مانگانە پارەی کارەبای نیشتمانی لەبەردەم ماڵاندا وەردەگیرێت.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لە ئاگادارییەکدا بۆ ھاوبەشانی کارەبا بڵاویکردەوە، لەسەر بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی کارەبا، بەھۆکاری کەمبوونەوەی سیولەی پارە بۆ پێدانی مووچەو دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستییەکان لە نەخۆشخانەکان و ئاو و کارەباو رێگاوبان، پلانیان ھەیە لەسەر ئەو قەرزانەی کارەبا کە لای ھاووڵاتیانن لێپرسینەوە نەکەن تا لەداھاتوودا حکومەت بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەوە دەدات، بەڵام لەمەودوا پارەی خوێندنەوە واتە سەرفیاتی مانگانەی کرێی کارەبا لەلایەن ژمێرکارانەوە لەبەردەم ماڵاندا  وەردەگیرێت. 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی داوای لە ھاووڵاتیان کرد، ھاوکاری ئەو پڕۆسەیە بن، چونکە ئەرکی ھاووڵاتیانیش کەم دەبێتەوە و پێویست ناکات بۆ پارەدان سەردانی فەرمانگە و بنکەکانی وەرگرتنی پارەی کارەبا بکەن، ھەروەھا پڕۆسەکە بۆ چارەسەری کێشەی خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی پارێزگای سلێمانییە.