ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیتاڵیا دەستیپێکرد

2022-09-25   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیتاڵیا دەستیپێکرد، بەپێی پێشبینییەکان راستڕەوەکان ھەڵبژاردنەکە دەبەنەوە و بەوەش یەکەمین ژن دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کە دژی کۆچبەرانە.

لە بەیانی ئەمڕۆوە سندوقەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیتاڵیا کراونەتەوە و زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

بەپێی ئەو راپرسییانەی کراون، پارتی "برایانی ئیتاڵیا" کە راستڕەون زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەھێنن و چاوەڕوان دەکرێت "جۆرجیا میلۆنی" سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ بکات، بەوەش راستڕەوەکان ھەژموونی حکومەت دەگرنە دەست. 

ئەگەر پێشبینییەکان سەبارەت بەو ھەڵبژاردنە راست دەرچن، "جۆرجیا میلۆنی" گۆڕانکاری گەورە لە ئیتاڵیا و یەکێتی ئەوروپا دروست  دەکات، بە تایبەت کە ئیتاڵیا یەکێکە لە وڵاتە دامەزرێنەرەکانی ئەوروپا و سێیەمین گەورەترین ھێزی ئابورییە لە ناوچەی یۆرۆ. 

سەبارەت بە کۆچبەرانیش، سنورەکانی ئیتاڵیا دادەخات کە ساڵانە دەیان ھەزار کۆچبەر دەگەنە کەناراوەکان، ئەوەش ترسی لای رێکخراوە ناحکومییەکان دروست کردووە کە ھاوکاری کۆچبەرانی نایاسایی دەکەن.

"جۆرجیا میلۆنی" تەمەنی ٤٥ ساڵە و لە ئەگەری بردنەوەی پارتەکەیدا و دواتر بوون بە سەرۆک وەزیران، دەبێتە یەکەم ژن کە ئەو پۆستە وەربگرێت و دەبێتە یەکەم سەرۆکی راستڕەوی توندڕەویش لە نێو یەکێک لە وڵاتە ئابورییە سەرەکییەکانی ئەوروپا.