حەلبوسی: ناکرێت حکومەت بە ھۆکاری ھەموو کێشەکان دابنرێت

2022-09-24   |  
فۆتۆ: 
هەژار
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت ناکرێت ھەموو کێشە و ئاڵۆزی و قەیرانە سیاسییەکان تەنھا بخرێنە ئەستۆی حکومەتی عێراق.

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ھەموو کوتلەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کە نوێنەرایەتی لایەنە سیاسییەکان دەکەن لە خولی پێشوودا دەنگیان بە کابینەی حکومەتەکەی مستەفا کازمی داوە و پەسەندیان کردووە، بەڵام دواتر ھەموویان لە بەرامبەر حکومەت بوونە ئۆپۆزسیۆن و ھەموو کەموکوڕی و کێشەکانیان خستە ئەستۆی حکومەت.

وتیشی، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ٢٠١٨ یاسا و پۆست و حکومڕانی لە عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق رێکخرا و کاروبارەکانیش بە باشی بەڕێوەدەچوون، بەڵام لەدوای ٢٠١٨ەوە کار بە تەوافوق نەکراوە و کێشە و ئاڵۆزی زۆریش سەریانھەڵداوە و ناکۆکی و دابەشبوون لە نێوان لایەنەکاندا دروستبووە، بەشێکی زۆریش لە لایەنەکان ھۆکاری ھەموو ئەو قەیرانانە دەخەنە تەنھا ئەستۆی حکومەت، وەک ئەوەی حکومەت ھەر لە خۆوە دروست بووبێت و ئەو لایەنانە دەنگیان پینەدابێت.