گۆتێرێس دژایەتی خۆی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر سەروەری عێراق راگەیاند

2022-09-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان ھەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەری عێراق رەت دەکاتەوە و دژایەتی خۆی بۆ دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆ وڵاتەکە رادەگەیەنێت.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنتۆیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە نیویۆرک کۆبوونەوە.

بە پێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی کازمی لە کۆبوونەوەکەدا، گۆتێرێس پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی کازمی کردووە بۆ دیالۆگی نیشتمانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ھەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستویی سیاسی ، ھەروەھا گۆتێرێس دەستدرێژییەکانی بۆ سەر سەروەری عێراق و دەستوەردان بە کاروباری ناوخۆی رەتکردۆتەوەو پشتیوانی خۆی بۆ یەکپارچەیی خاکەکەیی راگەیاندوە.