رامۆس: ویستم بمێنمەوە

2021-06-18   |  
سێرجیۆ رامۆس
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سێرجیۆ رامۆس کاپتنی یانەی ریاڵ مەدرید ئاشکرایکرد کە ویستویەتی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێک درێژ بکاتەوە , بەڵام ئیدارەی یانەکە پێیان وتووە ئەو گرێبەستەی پێشکەشیان کردووە کاتەکەی بەسەر چووە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە بۆ ماڵئاوایی کردن لەو یاریزانە رێکخرابوو ، رامۆس رایگەیاند کە یەکەم شت بیەوێت بیڵێت ئەوەیە ھەرگیز نەیویستووە ریاڵ جێ بھێڵێت و ویستویەتی بمێنێتەوە , یانەکەش ئۆفەرێکیان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە , بەڵام کاتێک بە ئۆفەرەکە رازی بووە پێیان وتووە کاتت نەماوە .


رامۆس ئەوەشی ئاشکراکرد کە دواتر ئۆفەرێکی تریان پێشکەش کردووە بەڵام تیایدا مووچەکەی کەم کراوەتەوە ، ھەرچەندە ئەو کێشەی پارەی نەبووە بەڵام داوای کردووە لە جیاتی ساڵێک بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستەکەی درێژ بکەنەوە و ئیدارەی یانەکە بەوەش رازی نەبووە . 


کاپتنەکەی ریاڵ جەختی لەوەش کردەوە کە دواتر بە ئۆفەری یەک ساڵەکەش رازی بووە بەڵام ئیدارەی یانەکە پێیان وتووە ئەو ئۆفەرەش کاتەکەی بەسەر چووە .
رامۆس رونیشی کردەوە کە ئیدارەی ریاڵ مەدرید ھەرگیز پێیان نەوتووە ئەو ئۆفەرانەی پێشکەشی دەکەن ماوەی بەسەرچوونی لەسەرە و کاتێک پێیان وتووە کاتی نەماوە شتێکی چاوەڕوان نەکراو بووە بۆ ئەو .