وەزارەتی بەرگری روسیا: پێنج ھەزار و ٩٣٧ سەربازی ڕوسی لە جەنگی ئۆکراین کوژراون

2022-09-21   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا دواین ئاماری کوژراوانی وڵاتەکەی لە جەنگی ئۆکراین بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، نزیکەی شەش ھەزار سەربازیان لە جەنگی ئۆکراین کوژراون.

"سێرگی شوەیگۆ" وەزیری بەرگری روسیا لە دوای لێدوانەکەی "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا بۆ جوڵەپێکردنی ھێزی زیاتر لە ئۆکراین، ئاماری کوژراوانی وڵاتەکەی لە ئۆکراین بڵاوکردەوە. 
"شوەیگۆ" رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیانەوە لە ئۆکراین، پێنج ھەزار و ٩٣٧ سەرباز کوژراون.

دوایین ئامار کە روسیا بڵاویکردەوە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئاداری رابردوو، کە ئەو کاتە کوژرانی تەنھا ھەزار و ٣٥١ سەربازی پشتڕاستکردەوە. 

بەڵام بەپێی ئامارەکانی لێپرسراوانی ئۆکراین، ئامارەکە زۆر بەرزترە و سوپای روسیا زیاتر لە ٤٣ ھەزار سەربازی لەدەستداوە، بەپێی ئامارەکانی وڵاتانی رۆژئاواش ژمارەی کوژراوانی روسیا نزیکەی ١٥ ھەزار سەربازە.