"ئیسماعیل قائانی" فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران خولێکی دیکەی دانوستانی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی کوتلە و پارتە سیاسییەکانی عێراق دەستپێکردووەتەوە، بۆ رێگریکردن لە روودانی ئاڵۆزی و خێراکردن لە پێکھێنانی حکومەت.
سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، سەردانەکەی قائانی لە شاری کەربەلا و دواتر سامەرا و پاشان بەغداد دەستیپێکردووە.
ئەندامێکی باڵای ھاوپەیمانی "فەتح"یش کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە بە میدیاکانی راگەیاندووە، ئەم جموجوڵەی ئێستای "قائانی" لەدوای کۆتاییھاتنی چلەی ئیمام حسێنە و ئامانجی ئەوەیە ئاڵۆزی و ناکۆکی گەورە لەنێوان رەوتی سەدر و ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی روونەداتەوە و پشێوی لەسەر شەقام دروستنەبێت.
سەرچاوەیەکی نزیکیش لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە دەڵێت، ئێران ھەوڵدەدات سەقامگیری سیاسی لەعێراق بەدیبھێنێت و دەیەوێت بەزووترین کات حکومەت پێکبێت.
میدیاکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سەردانەکەی "قائانی" لەکاتێکدایە کە "محەمەد کەوسەرانی"یش فەرماندە لە حزبوڵای لوبنانی لە عێراقە.