حکومەتی ئوردن تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمونی راگەیاند و داوا لە وڵاتانی دراوسێش دەکات رێکاری پێویست بگرێتەبەر.
وەزارەتی تەندروستی ئوردن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە وڵاتەکە تۆمارکراوە کە ھاوڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵە و دوای سەردانێکی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپا، لە ٢٠ی مانگی رابردوو گەڕاوەتەوە بۆ ئوردن و ئێستاش دوای پشکنینەکان دەرکەوتووە کە تووشبووی ئاوڵەی مەیمونە.
وەزارەتی تەندروستی ئوردن داواشی لە وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی و دراوسێکانی بە تایبەتی کردووە، رێکاری پێویست بگرنەبەر و پشکنینی ورد بۆ ھەموو کەسانە بکەن کە سەردانی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، بۆئەوەی بەزوویی رووبەڕووی نەخۆشییەکە ببنەوە و بتوانن کۆنترۆڵی بکەن.
بە پێی ئامارە نێودەوڵەتییەکانیش تائێستا لە سەرتاسەری جیھان ١٩ ھەزار توشبووی ئاوڵەی مەیمون لە ٧٦ وڵات تۆمار کراون.