کوردستان

د. میران : بۆ ڕێگری لە خراپتربونی گوزەرانی هاوڵاتیان پشتگیری لامەرکەزی دەكەین


د. میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە گەڵ رێکخراوەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە  و ڕایگەیاند ،بۆ ڕێگری لە خراپتربونی گوزەرانی هاوڵاتیان پشتگیری لامەرکەزی دەكەین . هەرلە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆمان لەبارەی بارودۆخی  هەرێم کە لە ئێستادا بودجەی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە و هەموو ئەگەرەکانمان تاوتوێکرد.

 هاوكات  لە كۆبوونەوەكەدا بۆ پێشگیری لە خراپتربوونی بار و گوزەرانی هاوڵاتیان پێمانوایە سیستمی لامەرکەزی کارگێڕیی و دارایی پڕۆژەیەکە ئاهێک دەداتەوە بە خەڵک، جەختمانکردەوە پێویستە هەمووان تێگەیشتنی دروستیان هەبێت بۆ پڕۆژەی لامەرکەزی کە پڕۆژەیەک نیە تەنها بۆ خزمەتکردن بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان یان هەر حزبێکی دیکە بەڵکو  لەبەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵک و حکومەتیشدایە لەبەرئەوەی بەگوێرەی ئەم پڕۆژەیە دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی دەدرێتە پارێزگارێکی گۆڕان و بەڕێوبەرێکی گشتی پارتی یان هەر ناوچەیەکی تر کە داهات و دەسەڵاتەکانی ڕاستەوخۆ بخاتە خزمەت بە ناوچەکەی .

 لەگەڵ ئەوەشدا ، ئامانجی رێکخراوەکان بۆ خزمەتی چین و توێژەکان ، نەوەک نوێنەرایەتیکردنی حزب چیتر رێکخراوەکان نەبنە زمانحاڵی حزبەکان و بە ئەرکی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی چین و توێژەکان هەڵبسن، لە میانەی کۆبونەوەیەکی فراواندا دیدی سەرکردایەتی نوێی یەکێتیمان بۆ نوێنەرانی سەرجەم سەندیکا و کۆمەڵە و رێکخراوەکان خستەڕوو.

پێمانوایە لە قۆناغی ئێستا و داهاتوشدا پێویستە کۆمەڵە و سەندیکاکان خۆیان لە نوێنەرایەتیکردنی حزبە پشتیوانیەکانیان بەدووربگرن و داکۆکیکار بن لە خواستی توێژەکانیان. بەم ئاراستەیەدا دەتوانرێت کاری رێکخراوەیی متمانە بەدەستبهێنێتەوە  و رێچکەی دروستی خۆی وەربگرێت.

 ئێمە وەکو یەکێتی پشتیوانی هەر پڕۆژە و کارێک دەبین کە بە بێ ئینتیمای حزبی گوزارشت لە خواست و خزمەتی فعلی بکات و هەر بەو چاوە بڕیار لەسەر هەموو چالاکی رێکخراو و کۆمەڵە و سەندیکاکان دەدەین: کە ئایا چەندە سەرکەوتودەبن لە خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵک لە سێکتەر و بوارە جیاوازەکاندا.



6 ڕۆژ پێشتر - Jan 13 2021 3:27PM
Print Friendly and PDF
زیاتر