دوای ئەوەی ھاوڵاتیانی ھەرێم گلەییان کرد لە خراپی بەشە ئاردی مانگانەیان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم تاقیکردنەوەی بۆ ھەر یەک لە گەنم و ئاردی بەشە خۆراکی مانگانەی ھاوڵاتیان ئەنجامدا.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، دوای ئەوەی ھاوڵاتیان گلەیی خۆیان گەیاندە وەزارەتەکەیان دەربارەی خراپی بەشە ئاردی ئەم مانگەیان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تیمێکی مەیدانی بۆ تاقیکردنەوەی گەنم و ئاردی سایلۆی ھەولێر ئاڕاستە کرد.
دوای بەدواداچوون و تاقیکردنەوەی گەنم و ئاردەکەی سایلۆی ھەولێر، دەرکەوت کە ئەو ئاردەی لەو گەنمەوە بەرھەم دەھێنرێت ھیچ کێشەیەکی نیە و لەلایەن لیژنەکەوە پەسەند کرا.
مانگانە وەزارەتی بازرگانی بڕی ٩ کیلۆ ئارد بۆ ھەر ھاوڵاتیەک دابین دەکات، بەڵام زیاتر لە مانگێکە ھاوڵاتیان گلەیی لە خراپی دوایین بەشە ئاردی مانگانەیان دەکەن و بە ئاردێکی بێ پێز ناوی دەبەن.