کۆریای باکور دوو مووشەکی کروزی تاقیکردەوە

2022-08-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆریای باکور دوو مووشەکی کروزی تاقیکردەوە، ئەمریکا و کۆریای باشوریش لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ئەو تاقیکردنەوەیە دەستپێکرد.

وەزارەتی بەرگری کۆریای باشور بڵاویکردەوە، کۆریای باکور دوو مووشەکی کروزی لە دەریای خۆرئاوای ناوچەی ئونشون لە ھەرێمی بیونگیان تاقیکردووەتەوە، کە ئەوە یەکەمین تاقیکردنەوەیانە لەماوەی چەندین ھەفتەی رابردوودا. 

وتیشی، لەگەڵ لێپرسراوانی سەربازی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەسەر تاقیکردنەوەکە و مووشەکەکان دەکەن.  

بەپێی ئاژانسی ھەواڵی "یونھاب"، کۆریای باکور لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ھیچ تاقیکردنەوەیەکی مووشەکی کروزی ئەنجامنەداوە. دوایین جاریش کە کۆریای باکوری مووشەکی تاقیکردەوە، لە ١٠ی تەممووزی رابردوو بوو کە چەند مووشەک و ھاوەنێکی جیاوازی تاقیکردەوە. 

ئەو تاقیکردنەوە نوێیەش ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی راھێنانێکی ھاوبەشی نێوان کۆریای باشور و ئەمریکا کە چوار رۆژ بەردەوامدەبێت، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ مانۆڕێکی سەربازی کە بڕیارە لە ٢٢ی ئەم مانگە تا سەرەتای مانگی داھاتوو بەڕێوەبچێت.