بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی لە كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كرد
"بافڵ تاڵەبانی" هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاند، بۆ یەكێتی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك لە پێش هەموو پرسەكانەوەیە و گفتوگۆكانیش بەردەوامن تاكو ئەو پرسە لە بەرژەوەندی هەمووان یەكلابكەنەوە.
"بافڵ تاڵەبانی" لە دەباشان پێشوازی كرد لە "جەیمس سۆرنتۆن" كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەكان خرانەڕوو، تیشكیش خرایە سەر لێكەوتە و دەرئەنجامی ڕووداوەكان و جەخت كرایەوە لە پەنابردن بۆ زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لە نێوان هێز و لایەنە سیاییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بە تایبەت لە نێوان هێزە سیاسییە كوردی و عەرەبییەكان.
"بافڵ تاڵەبانی" بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەرێم و بەغداد و دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، بژاردەكانی یەكێتی خستەڕوو و جەختی لە هەماهەنگی هەموو لایەك كردەوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و دۆزینەوەی چارەسەرێك كە مافە دارایی و نەتەوەییەكانی كورد تێیدا پارێزراو بێت و خەڵك نەكرێتە قوربانی لایەنە سیاییەكان.
ڕاشیگەیاند لای یەكێتی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك لە پێش هەموو پرسەكانەوەیە و بەردەوام لە گفتوگۆدان لەگەڵ دۆستەكانیان تاوەكو ئەو پرسە لە بەرژەوەندی هەموو لایەك یەكلابكەنەوە.
|