کازمی: پێویستە سەرکردە سیاسییەکان قوربانی بەخۆیان بدەن

2022-08-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، پێویستە سەرکردە سیاسییەکان قوربانی بە خۆیان بدەن و دانووستانیش تەنھا چارەسەرە بۆ رەوشی ئێستای عێراق.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەو ململانێیانەی روبەڕووی عێراق دەبێتەوە کاریگەری لەسەر کارەکانی حکومەت و دەزگاکانی دەوڵەت دروستکردووە، لەکاتێکدا تەمەنی حکومەت ٢٨ مانگە، بەڵام بودجە تەنھا بۆ شەش مانگ  ھەبووە.

نوسینگەی کازمی راشیگەیاند، لەدوای ھەڵبژاردن، عێراق روبەڕووی کێشەی سیاسی راستەقینە بووەتەوە، کە پێویستی بە چارەسەرە لەڕێی دانووستان و قوربانیدانەوە، بۆیە ھەزار ساڵ دانوستان باشترە لە چرکەیەک لە پێکدادانی عێراقییەکان، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەکان رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ چارەسەری چەقبەستویی سیاسی.

جەختیشیکردووەتەوە، دەبێت سەرکردە سیاسییەکان قوربانی بدەن لەپێناو نیشتمان و گەل، چونکە زیاتر لە ٧٠ ساڵە گەلی عێراق دەناڵێنێت، لەکاتێکدا دەکرێت ئەمڕۆ عێراق لە قۆناغێکی پێشکەوتوودا بێت، چونکە خاوەن سامان و سەروەتە.

نوسینگەی کازمی روونیشکردووەتەوە، لە یەکەم رۆژەوە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ رادەستکردنی دەسەڵات بە حکومەتی ھەڵبژێردراو و لەچەند ھەفتەی رابردووشدا بە ئارامییەوە مامەڵەیان لەگەڵ قەیرانەکە کردووە و سەرکەوتووبوون لەوەی خوێنی عێراقییەکان نەڕێژرێت.