چوارچێوەی ھەماھەنگی داوا لە لایەنگرانی دەکات رۆژی ھەینی لە ناوچەی سەوز خۆپیشاندان بکەن

2022-08-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان داوا لە لایەنگرانی دەکات رۆژی ھەینی لە ناوچەی سەوز خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

چوارچێوەی ھەماھەنگی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەپێناو بەرگریکردن لە یاسا و دەستور و پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و خێراکردنی پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار داوا لە لایەنگرانیان دەکەن خۆپیشاندان رێکبخەن لە ناوچەی سەوز.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ھاتووە، خۆپیشاندانەکە رۆژی ھەینی دەبێت سەعات ٥ی لەبەری پردی ھەڵواسراو. 

داواکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە دوای تویتەکەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرەوە دێت، کە ھەفتەیەکی داوەتە دادگای باڵا بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت. 

ھاوکات زیاتر لە ١٠ رۆژە خۆپیشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوامە و بڕیارە رۆژی ھەینیش نوێژی بەکۆمەڵ لە نزیک خێمەی خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوز ئەنجام بدەن.