نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی ١٠ ھەزار داعش لە سنوری عێراق و سوریادا ھەن

2022-08-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداری دەدات لە زیادبوونی ھەڕەشەکانی داعش و رایگەیاند، نزیکەی ١٠ ھەزار چەکداری داعش لەسنوری نێوان عێراق و سوریا بوونیان ھەیە.

"ڤلادمیر ڤورونکوڤ" بریکاری ئەمینداری گشتی بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، مەترسی داعش بەردەوامە بە تایبەت لەو وڵاتانەی ئاڵۆزی سیاسییان تێدایە و حکومەتەکانیان لاوازە. 

وتیشی، داعش تەنھا لە عێراق و سوریا کار ناکات، بەڵکو لە ئەفغانستان و سۆماڵ و دەریاچەی چاد جموجوڵیان ھەیە. 

ڤلادمیر ڤورونکوڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا سنوری نێوان عێراق و سوریا لەژێر ھەڕەشەدایە و نزیکەی ١٠ ھەزار چەکداری داعش لەو ناوچەیە بوونیان ھەیە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشوازییان کرد لە گەڕانەوەی زیاتر لە دوو ھەزار و ٥٠٠ ئاوارە لە کەمپەکان و ناوچەکانی باکوری خۆرھەڵاتی سوریا لەلایەن عێراقەوە، ھۆشداریشیاندا لەوەی زیاتر لە ٢٧ ھەزار منداڵ لە عێراق لەژێر مەترسی خراپی رەوشی ئەمنی و مرۆییدان و پێویستە کاربکرێت بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی داعش لەسەر منداڵان.