ھەڵبژاردنی پێشوەختە نابێتە چارەسەر بۆ کێشە سیاسییەکانی عێراق

2022-08-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئاڵۆزی و نائارامییە سیاسییەکانی عێراق لە سنورێکی دیاریکراودا نەوەستاوە، بەڵکو خەریکە درێژ دەبێتەوە بۆ ناو ھەموو پایەکانی سیستمی دیموکراسی پەیڕەوکراوی ئێستای وڵات.

چاودێرانی سیاسی ڕەوشی عێراق دەڵێن، چینی دەسەڵاتدار و کاربەدەستی وڵات، بە گوێرەی خواست و بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ھەڵبژاردن و  دەرئەنجامەکان و سیستمی پەرلەمانی و حکومەت دەکەن.

بەشێکی سیاسییەکان ھەر کاتێک تووشی دۆران و پاشەکشە دەبن، ھەڵبژاردن بە ساختە و یاری دەستی دەرەکی دەزانن، کاتێکیش براوەن دەیانەوێت دەسەڵات بەو شێوەیە دابمەزرێنن کە لەگەڵ خواست و بەرژەوەندییەکانیاندا دەگونجێت.

سەرباری تێپەڕبوونی نزیکەی نۆ مانگی بەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، ھێزە سیاسییە ناکۆکەکان ھێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ و چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی پەیوەست بە دەسەڵاتەوە.

ھێشتا بەشێکی زۆری ھێزە سیاسییە عێراقییەکان پێیان وایە ھەڵبژاردن ناتوانێت ھیچ بگۆڕێت، بەڵکو دەبێت ھاوڵاتی ڕازی بکرێت، ئەوە ئەوانن دەتوانن سیستمی سیاسی و چینی دەسەڵاتداریش بگۆڕن.

بە وتەی چاودێرانی سیاسی ڕەوشی عێراق، قەیرانی سیاسی لەو وڵاتە، بە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەر نابێت، چونکە دەسەڵاتدارە سیاسییەکان، ناکۆکییەکانیان بە شەخسی کردووە و کەسیان ئامادە نین سازش بۆ بەرامبەرەکەیان بکەن.

خۆپیشاندان و مانگرتنەکان لە عێراق بەھێزن، بەڵام ھێدی ھێدی خەریکە ڕەونەقی خۆی لەدەست دەدات، چونکە تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجە سەرەکییەکانی دیاری بکات و، ھەنگاوی داھاتوو لە پێناو باشترکردنی ڕەوشی سیاسی لە وڵاتەکەدا، بنێن.

قسەکردنیش لەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەگەر ژینگەیەکی تەندروست و جێگیری بۆ دەستەبەر نەکرێت، نابێتە چارەسەرێکی سیحری بۆ کێشەکانی سیستمی سیاسی، بەڵکو ھۆکارێکە بۆ درێژکردنەوەی ڕەوشی ئێستا و بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان، کە ھاوڵاتی و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش تۆمەتباری دەکەن بە چەترێک بۆ بەردەوامی گەندەڵی و شکستی سیاسی و فەرامۆشکردنی داخوازییەکانی شەقام، کە ھەمیشە داوای ژیانێکی باشتر دەکەن بۆ عێراقییەکان بە گشتی.