محەمەد شەمەری: ھەڵبژاردنی پێشوەخت بە حکومەتی کاربەڕێکەر ناکرێت

2022-08-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی، بە مەرج پشتیوانی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات و رایدەگەیەنێت، ھەڵبژاردنی پێشوەخت بە حکومەتی کاربەڕێکەر ناکرێت و پێویستی بە کۆدەنگی سیاسییە.

محەمەد شەمەری، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ھەڵبژاردنێکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ بوونی حکومەتێک کە دەسەڵاتی تەواوەتی ھەبێت، ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، چونکە ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بە حکومەتی کاربەڕێکەر ناکرێت، وتیشی، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن پێویستی بە رێککەوتنی سیاسییە لە نێوان ھەموو ھێزە سیاسیەکان و ناکرێت بە تەنھا یەک لایەن پێشنیازی بکات.

چوارشەممەی ھەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، داوای کرد ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبوەشێتەوە و ھەڵبژاردنێکی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، ئەو داوایەشی کاردانەوەی لێکەوتەوە و زۆرینەی لایەنەکان بە مەرجی دروستکردنی کۆدەنگی و رێککەوتن پشتیوانی دەکەن.