ئەمریکا: پشتیوانی ئیسرائیل دەکەین لە بەرگریکردن لە خۆی

2022-08-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەرکردەیەکی سەربازی باڵای سەر بە بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی لە غەزە راگەیاند، ئەمریکاش پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات.

بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ سێیەمین رۆژ بەردەوامە، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فەرماندەیەکی سەربازی باڵا سەر بە بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی لە کەرتی غەززە لە بۆردوومانەکانی ئەم دوو رۆژەی ئیسرائیل کوژراوە، بەوەش دەتوانن بڵێن ئامانجی بۆردوومانەکانیان پێکاوە.

تا ئێستاش ژمارەی کوژراوانی بۆردوومانەکە بۆ ٣٢ کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش لە سەروو ٢٠٠ کەسەوەیە. وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش رایگەیاند، کەرتی تەندروستی غەززە بەخراپترین دۆخیدا تێپەڕدەبێت بۆ ئەوەی چارەسەری بریندارەکان بکەن و دەواودەرمانیش بە ڕێژەی ٤٠% لە کەرتی غەززە کەمی ھەیە.

لە وەڵامی بۆردوومانەکانی ئیسڕائیل، بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامی زیاتر لە ١٠٠ مووشەکی ئاڕاستەی شارەکانی ئیسرائیل کردووە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن لە بەرگریکردن لە خۆی و داواشیکرد، لایەنەکان خۆیان لە ئاڵۆزترکردنی رەوشەکە بەدوور بگرن.